Skip to main content

ئەو عێراقییانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن بێبەش دەکرێن لە دەرفەتى کار

شکستى بەردەوام لە دابینکردنى مافى کار بۆیان، کۆتاکان پڕنەکراونەتەوە

  • بڕیارى بەیاساکراوى ڕێژەى لەسەدا 5 وەکو کۆتایەک لە دامەزراندنى کەرتى گشتیییدا بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت جێبەجێ نەکراوە، بەوهۆیەوە سەدان هەزار عێراقیی خاوەن پێداویستى تایبەت بێکارن.
  • حکومەتى عێراق ئامار کۆناکاتەوە لەبارەى ژمارەى ئەوکەسانەى لەو ووڵاتە دەژین و خاوەن پێداویستى تایبەتن یان ڕێژەى دامەزراندنیان چۆنە.
  • دەبێت حکومەت لەگەڵ پڕکردنەوەى کۆتاى دامەزراندن یاساى دیکەى دژەجیاکارى جێبەجێ بکات، هەروەها پشتیوانیى و پارەدارى ژینگەى کارکردن بکات.

(بەیروت) – ئەمڕۆ ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، عێراق شکستى هێناوە لە جێبەجێکردنى یاساى نیشتمانیى خۆى بۆ مسۆگەرکردنى مافى دامەزراندن بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، بەوهۆیەوە کۆتاى دەرفەتى کارى ئەو عێراقییانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن پڕنەکراوەتەوەو سەدان هەزاریان بێکارن.

هەریەکە لە حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان یاسای تایبەتیان هەیە کە بەلایەنى کەمەوە ڕێژەى لەسەدا 5ى دیاریکردووە بۆ دەرفەتى کارى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە کەرتى گشتیییدا. نوێنەرێک لە ئەنجومەنى ڕاژەى گشتییى فیدراڵیى عێراق، کە ئەنجومەنێکە دامەزراندن لە کەرتى گشتیییدا ڕێکدەخات، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند ئەو کۆتایە لە کەرتى گشتیییدا پیادە نەکراوە. لەلایەن نوێنەرێکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، ئامارەکانى دامەزراندنى ئەو کەسانەى خاوەن پێداویستیى تایبەتن لە کەرتى گشتیییدا پێشکەش بە هیومان ڕایتس وۆچ کراون، ئەوە پیشان دەدات کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوێش نەیانتوانیووە ئەو کۆتایە لە کەرتى گشتیییدا بەدى بهێنن.

سارە سەنبار، توێژەرى عێراق لە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند "بەڵێنە یاساییەکان بۆ دامەزراندنى ئەو کەسانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن لە عێراق نەبوونەتە هۆى دەرفەتى کارى ڕاستەقینە. بۆشایى نێوان یاسا و پیادەکردنى بووەتەهۆى ئەوەى سەدان هەزار عێراقى خاوەن پێداویستى تایبەت بەسەختى بژێوى ژیان پەیدا بکەن."

لەنێوان کانوونى یەکەمى 2023 و ئازارى 2024، ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ چاوپێکەوتنى لەگەڵ سێ چالاکوانی مافەکانى خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرد، شەش خاوەن پێویستى تایبەتى عێراقیى، یەک وەرگێڕى زمانى ئاماژە، یەک خاوەن کار کە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دادەمەزرێنێت، هەروەها سێ کارمەندى حکومەت لەبارەى مافى دامەزراندن بۆ ئەو عێراقییانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن.

لە ساڵى 2019دا، لیژنەى مافەکانى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، کە چاودێرى ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکات، خەمڵاندنی ئەوەى کردووە کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین دانیشتووانى خاوەن پێداویستى تایبەتن لە جیهاندا، کە نزیکەى 3 ملیۆن کەس دەبن، ئەوەش بەهۆى چەند دەیە لە پێکدادانى سەربازیى. لە خۆپیشاندانەکانى 2019دا نزیکەى 25,000 کەس برینداربوون، کە لەوانەش 5,000یان تووشى کەمئەندامیى هەمیشەیى بوون.

لە عێراقى فیدراڵدا، بەپێى یاساى ژمارە 38ى ساڵى 2013 ڕێژەى لەسەدا 5 بۆ کەرتى گشتییى و لەسەدا 3 لە کەرتى تایبەت دیاریکراوە بۆ دەرفەتى کارى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت. لە هەرێمى کوردستانى عێراق بەپێى یاسای ژمارە 22ى ساڵى 2011 ڕێژەى لەسەدا 5ى هەلى کار دیاریکراوە بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە کەرتى گشتییدا و هانى کەرتى تایبەت دەدەن کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت وەربگرن ئەوەش بە دابینکردنى نیوەى مووچەى سێ مانگى کارمەندەکان بۆماوەى 3 مانگ. حکومەتى عێراق ئامارى کۆنەکردووەتەوە لەبارەى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت یان ڕیژەى دامەزراندنیان.

گروپە ناوخۆییەکانى پشتیوانیى لە مافەکانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە عێراقى فیدراڵ بە هیومان ڕایتس وۆچییان ڕاگەیاندووە کە ئەوان جێبەجێنەکردنى یاساى ژمارە 38ى ساڵى 2013 بەهۆکار دەزانن کە خۆى دەبینێتەوە لە ناچالاکیى دەستەى پاراستنى کەسانى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت، کە ئەنجومەنێکە سەربە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییە، تاوەکو ئێستا دڵنیانەبوونەتەوە لە جێبەجێکردنى ئەو یاسایە. لەکاتێکدا ئەنجومەنەکە بەرپرسى سەرەکییە لە جێبەجێکردنى یاساى ژمارە 38، تاوەکو ئێستا نەیتوانیووە کە بەتەنها ئەو کارە بکات.

زیکرا عەبدولرەحیم، بەڕێوەبەرى دەستەکە، بە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە دەستەکەیان و ئەنجومەنى خزمەتگووزارى کەرتى گشتییى فیدراڵ دەسەڵاتى جێبەجێکردنى نییە و دەبێت پشت ببەستێت بە وەزارەتەکانى حکومەت ئەو ڕێژەیە دابین بکەن و ژمارەى پێویستى دەرفەتى کارەکان بە کەسانى عێراقیى خاوەن پێداویستى تایبەت پڕبکەنەوە. هەروەها وتیشى: هەندێک لە وەزارەتەکان ئەرکەکانى خۆیان جێبەجێ ناکەن یاخود نایکەن بە ئەرکى لەپێشینەى خۆیان. هەرچەندە دەستەکە دەیەوێت ڕێکارى یاسایى بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو وەزارەتانەى کە پابەند نەبوون.

لە کەرتى تایبەتدا، ئەو کۆمپانیایانەى کە پابەند نەبوون بە کۆتاى لەسەدا 3 بۆ دامەزراندن ئەوا ڕووبەڕووى سزایەکى دارایى دەبنەوە بەبڕى 500 هەزار دینارى عێراقى (کە نزیکەى 382 دۆلار دەبێت)، بەپێى ماددەى 20 لە یاسای ژمارە 38. بەڵام، عەبدولرەحیم دەڵێت هەرگیز سزاى دارایى هیچ یەکێک نەدراوە.

لە هەرێمى کوردستانى عێراق 77,065 کەس وەکو خاوەن پێداویستى تایبەت تۆمارکراون، کە بەپێى ئامارەکان لە کۆتایى 2022دا 13,249یان لە کەرتى گشتیییدا دامەزراون، ئەمەش بەپشت بەستن بە دۆکیومێنتێک کە پێشکەش بە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ کراوە لەلایەن دیندار زێباری، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان. ئەوەش تەنها ڕێژەى لەسەدا 2ى کۆى گشتییى 658,189فەرمانبەرى حکومەتە، کە زۆر لەخوار کۆتای لەسەدا 5 دەبێت بەوپێیەى کە لە یاساى ژمارە 22ى ساڵى 2011دا دیاریکراوە.

هەروەها لە کەرتى تایبەتى هەرێمى کوردستانى عێراق، پابەند بوون بە یاساى ژمارە 22 بەدینەهاتووە. دلێر کۆیى، چالاکوان و بەرگریکار لە مافى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمى کوردستانى عێراق، بە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە هەوڵدەدات بەڕێوەبەرانى پڕۆژە و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت ڕازى بکات بۆ دامەزراندنى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بەڵام زۆربەى کات سەرکەوتوو نەبووە.

کۆیى دەڵێت: "زۆربەى کات کۆمپانیاکان دوودڵن لەوەى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت تێکەڵ بە هێزى کارکردنیان بکەن، چونکە خەرجییەکى زیاتریان لەسەر دەکەوێت بۆ ئامادەکردنى ژینگەى کارکردن. لەگەڵ ئەوەشدا، فشارى حکومەت بوونى نییە بۆئەوەى ئەو کۆمپانیایانە ناچار بکات بۆ دامەزراندنى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت."

زێبارى هیچ ژمارەیەکى نەبەخشى بە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ لەبارەى ئەو کەسانەى کە خاوەن پێداویستى تایبەتن لە کەرتى تایبەتدا دامەزرێندراون.

دەبێت حکومەتى عێراق هەنگاوى پێویست بگرێتەبەر بۆ دامەزراندنى ئەوکەسانەى کە خاوەن پێداویستى تایبەتن لە کەرتى گشتیییدا و پشتیوانیى دامەزراندنیان بکات لە کەرتى تایبەت، بۆنمونە لەڕێگەى پڕۆگرامى کردەیى ئەرێنییەوە، هاندانى دارایى، هەروەها دەستپێشخەرى بۆ پێگەیاندن و هاندانى گەشەپێدانى مانادار بۆ دەرفەتى کار بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت. دەبێت حکومەت میکانیزمى چاودێرى بۆ وەزیرەکان دابنێت بۆئەوەى بەشێوەى خولیى زانیارى بخەنەڕوو لەبارەى بەدیهێنانى کۆتای دامەزارندن و پابەندبوونەکانى دیکەیان بەپێى یاساى ژمارە 38 و یاساى ژمارە 22.

ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت کە کۆتاکان لەخودى خۆیاندا ناتەواون بۆ هەڵوەشاندنەوەو چارەسەرکردنى ئەو ڕێگرییانەى ڕووبەڕووى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دەبنەوە، و دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ پیادەکردنى یاساکانى دیکەى ڕووبەڕوو بوونەوەى جیاکارى و بەدیهێنانى یەکسانى، هەروەها پشتگیرى و پشتیوانی دارایى بۆ دروستکردنى ژینگەى کارى جێگیرکردن.

سەنبەر دەڵێت: "سەرەڕاى ئەوەى زۆرترین دانیشتوانی خاوەن پێداویستى تایبەتیان هەیە لە جیهاندا، دەسەڵاتدارانى عێراق شکستیان هێناوە لە بەدیهێنانى داخوازییەکانیاندا. دەبێت بەدڵنیاییەوە پابەندى حکومەت بۆ دابینکردنى دەرفەتى کار بۆ ئەو عێراقییانەى کە خاوەن پێداویستى تایبەتن تەنها بەڵێنێکى بەتاڵ نەبێت."

 

یاساى ژمارە 38 لە عێراقى فیدراڵ

ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە وەزارەتەکان شکستیان هێناوە لە پابەندبوون بەپێى یاساى ژمارە 38. عەبدولرەحیم دەڵێت: بۆنمونە، وەزارەتى پلاندانان بەشێوەیەکى بەردەوام ئامار کۆناکاتەوە لەبارەى ژمارەى ئەو کەسانەى لەو وڵاتەدا دەژین کە خاوەن پێداویستى تایبەتن، سەرەڕاى پابەندکردنیان بەپێى ماددەى 15 (9) لە یاسای ژمارە 38، و سەرەڕاى داخوازى بەردەوامى دەستەکە بۆئەوەى ئەو کارە بکەن.

وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئامار کۆناکاتەوە لەبارەى ڕێژەى دامەزراندنى ئەو عێراقییانەى کە خاوەن پێداویستى تایبەتن لە کەرتى گشتییى یان تایبەت. نزیکەى 5 ملیۆن عێراقى، یان لەسەدا 39ى دەستى کارى عێراق، لە کەرتى گشتیییدا دامەزرێندراون. بۆئەوەى ڕێژەى کۆتایى بەیاساکراوى لەسەدا 5 بەدیبهێنرێت، دەبێت بەلایەنى کەمەوە 250 هەزار لەو کارانە بدرێن بە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.

هەرچەندە ئامارێکى دیاریکراو نییە لەبارەى ئەوەى بەگشتیی چەند عێراقى خاوەن پێداویستى تایبەت لە کەرتى گشتیییدا کاردەکەن، بەڵام هیچ وەزارەتێک ڕێژەى کۆتایى لەسەدا 5ى بەدی نەهێناوە، بەپێى ئەو دۆکیومێنتەى کە لەگەڵ هیومان ڕایتس وۆچ هاوبەشکراوە لەلایەن نوێنەرى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتیی فیدراڵى. عەبدولرەحیم بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە دەستەى پاراستنى کەسانى کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ساڵى 2019ەوە دەستیکردووە بە بەدواداچوون بۆ دامەزراندنەکان، لەوکاتەوە تەنها 1,434 کەسى خاوەن پێداویستى تایبەت لە چەند پۆستێکى کەرتى گشتییدا دامەزرێندراون.

موەفەق ئەلخەفاجى، سەرۆکى ڕێکخراوى هاوپەیمانێتى خاوەن پێداویستى تایبەتى عێراق، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند "کاتێک داوامان لە ئەنجومەنى ڕاژەى گشتیی فیدراڵى کرد کە خەڵکانى زیاترى کەمئەندام دامەزرێنن، زۆربەى کات لەوەڵامدا ڕایانگەیاندووە کە دەرفەتى کارى پێویست بوونى نییە."

لە ئەیلولى 2023دا، دەستەکە پلاتفۆرمێکى ڕاستەوخۆى دامەزراندنى ڕایگەیاند بە هاوکارى لەگەڵ ئەنجومەنەکە بەمەبەستى هەماهەنگى بۆ دامەزراندنى ئەو دەرچووانەى زانکۆ کە خاوەن پێداویستى تایبەتن. ئەنجومەنەکە لە سیستمى داواکارى پێشکەشکردن بۆ دامەزراندن لە کەرتى گشتییی بەشێکى زیادکرد کە تیایدا کاندیدەکان ئاماژە بە دۆخى خاوەن پێداویستیى خۆیان بدەن.

عەبدولرەحیم دەڵێت، تائێستا هیچ کەسێک لەڕێگەى ئەو پلاتفۆرمەوە دانەمەزرێندراوە.

ڕۆڵى چالاکوانان: چیرۆکى سەرکەوتن

لەنەبوونى هەڵوێستى بەهێزى حکومەتدا، چالاکوانە ناوخۆییەکانى مافەکانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەو ئەرکەیان خستووەتەسەر خۆیان بۆ هاندانى دەرفەتى زیاترى کار بۆ ئەو عێراقییانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن لە کەرتى گشتییى و تایبەتدا.

موەفەق ئەلخەفاجى، سەرۆکى ڕێکخراوى هاوپەیمانیى عێراقى بۆ خاوەنپێداویستى تایبەت، وۆرکشۆپ بەڕێوەدەبات بۆ هۆشیارکردنەوەى دامەزرێنەران لە کەرتى حکومیى و تایبەت لەبارەى مافەکانى دامەزراندن بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، هەروەها بۆ هاندانیان بۆ دامەزاندنى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.

لەپاش یەکێک لەو وۆرکشۆپانە، مەحمەد عەلى ئەلمەیاحى، سەرۆکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى باب ئەلئاغا بەیکەریس لە بەغدا، بڕیاریدا کە گوێ لە داواکارییەکەى ئەلخەفاجى بگرێت بۆ جێبەجێکردنى. ئەلمەیاحى دەڵێت: "لەسەرەتادا، ئێمە پێنج کارمەندى نابیستمان دامەزراند، و ئەوان بە بەردەوامى کاریان دەکرد. ئەوەمان بەدیکرد کە زۆر بەباشى کاردەکەن، ئیتر پێنج کارمەندى دیکەمان دامەزراند بەوشێوەیە بوونە دە کارمەند. لەئێستادا ئێمە 30 کارمەندى نابیستمان هەیە، و هێشتا بەردەوامین." ئەو دەڵێت "تواناى کار و وزەیان زۆر بەرزە. دەبێت وابکەین کە ئەو کەسانە وەکو هەر کەسێکى دیکە لە عێراق ژیانى خۆیان بکەن. هیوادارم کە هەموو کۆمپانیاکان شوێن نمونەى ئێمە بکەون."

هەروەها ئەلمەیاحى فاتیمە محەمەدى دامەزراندووە، تەمەن 22 ساڵ، کە وەکو وەرگێڕى زمانى ئاماژە کاردەکات لەگەڵ کارمەندەکاندا. فاتیمە لە دایک و باوکییەوە کە نابیست بوون، فێرى زمانى ئاماژە بووە، پشتیوانیى خۆى بۆ مافى خەڵکى خاوەن پێداویستى تایبەت بەردەوامن. فاتیمە دەڵێت: "لە سەرەتاوە، کێشەى پەیوەندى هەبوو لەنێوان کارمەندەکانى دیکە و ئەوانەى نابیستن، بەڵام ئێستا ئەوانیش فێرى زمانى ئاماژەبوون، و تەنانەت کاتێک منیش لەوێ نەبم دەتوانن لەگەڵ نابیستەکان پەیوەندى بکەن!"

کارمەندانى نابیست لە باب ئەلئاغا بە هیومان ڕایتس وۆچیان وووە کە دامەزراندنیان بەشێوەیەکى زۆر کاریگەرى ئەرێنى هەبووە لەسەر ژیاینیان. شەیما، تەمەن 24 ساڵ، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند: "لەوکاتەوەى لێرە دامەزرێندراوم، ژیانم گۆڕا. لەئێستادا دەتوانم پەیوەندى لەگەڵ خەڵکیدا بکەم، سەرچاوەیەکى ژیانم هەبێت، هەروەها پشت بەخۆم ببەستم."

شەمس، تەمەن 28 ساڵ، دەڵێت: "ئێمە هیوادارین هەموو ئەو ڕێگرییانە تێکبشکێنین کە لەبەردەم ئێمەدا هەن. ئێمە دەزانین کە زیرەکین و دەتوانین هەموو جۆرە کارێک ئەنجام بدەین، بەڵام خەڵکیى لەوانەیە وابیربکەنەوە کە ئێمە ناتوانین کاربکەین. ئێمە سوپاسى باب ئەلئاغا دەکەین کە هەستى بەوەکردووە ئێمە هۆشیارین و دەتوانین کاربکەین و ئامانجەکانمان بەدى بهێنین."

بۆ هاندانى پابەندبوونى زیاتری کەرتى تایبەت بەو یاسایەوە، خەفاجى پێشنیاز دەکات ئەو کۆمپانیایانەى ناتوانن کۆتایەکە بەدیبهێنن سزاى دارایى بدرێن، هەروەها مۆڵەتى دڵنیایى یان نوێکردنەوە یان بازرگانیى پەیوەست بکرێت بە پابەندبوون بە بەدیهێنانى ڕێژەى کۆتای لەسەدا 3ى کارمەندان، هەروەها پێدانى سوودمەندیى و پشتیوانیى بۆ ئەو کۆمپانیایانەى کە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دادەمەزرێننن، بۆنمونە لێخۆشبوون لە باج.

یاساى ژمارە 22 لە هەرێمى کوردستانى عێراق

کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمى کوردستانى عێراق لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە تۆماردەکرێن و ناسنامەیەکى تایبەتیان پێدەدرێت، بەوشێوەیە دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن بۆ مووچەیەکى مانگانە بەبڕى 100,000 دینارى عێراقى ئەگەر دامەزرابن (کە بەنزیکەیى 76 دۆلارى ئەمەریکى دەکات)، ئەگەر دانەمەزرابن ئەوا بڕى 150,000 دینارى عێراقى (115 دۆلارى ئەمەریکى) وەردەگرن. بەهۆى بەردەوامیى کێشەى بودجەوە لەگەڵ بەغدا، بەوهۆیەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانییوە مووچە و پشتیوانی دارایى چاودێرى کۆمەڵایەتى دابین بکات، کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمى کوردستانى عێراق بەشێوەیەکى بەردەوام ئەو مووچە مانگانەیە وەرناگرن.

نانەواخانەی باب ئەلئاغا، بەغدا، عێراق، ٧ی ئازاری ٢٠٢٤.  © 2024 Meethak Al-Khatib/Human Rights Watch

لەمیانى دەستپێشخەرییەکى دامەزراندنى کەرتى گشتییدا لە ساڵى 2013، کۆیى وەزارەتى پلاندانانى هانداوە کە ڕێز لە کۆتای ڕێژەى لەسەدا 5 بگرێت، کە دەبووە هۆى ئەوەى 250 کارى نوێ بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دابین بکرێت.

کۆیى دەڵێت وەزارەتى پلاندانان وەڵامیانداوەتەوە کە لەکۆتاییدا کەمتر لە 10 کەسى خاوەن پێداویستى تایبەت دامەزرێندراون. ئەو دەڵێت، نەبوونى ڕێکارى پابەندکردن، هیچ شتێکى تر نەتواندراوە بکرێت بۆئەوەى مەرج لەسەر وەزارەتى پلاندانان دابنرێت کە پابەند بێت بەو کۆتایەوە.

فەرحان شەمۆ، تەمەنى 34 ساڵە کە خاوەن پێداویستییەکى تایبەتیى جەستەییە و لە کامپێکى ئاوارەکانە لە دهۆک، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە لەدواى تەواوکردنى خوێندنى ئامادەیى لە 2007دا دەستیکردووە بە خوێندن لە کۆلیژى زانستیى سیاسیى لە زانکۆى موسڵ، بەڵام نەیتوانیووە خوێندنەکەى تەواو بکات بەهۆى ئەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕووى بووەتەوە لە چوونە ناو باڵەخانەى زانکۆکە.

شەمۆ سەرەڕاى ئەوەى چەند جارێک داواکارى پێشکەشکردووە بۆ دۆزینەوەى کار لە کەرتى تایبەت و گشتییدا، لەوکاتەوە سەرکەوتوو نەبووە. شەمۆ دەڵێت: "من دەزانم کە یاسایەک هەیە گرەنتى دەرفەتى دامەزراندن دەکات بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت. بەڵام کاتێک دامەزراندنى کەرتى گشتییى هەیە، وەکو هەرکەسێکى دیکە داواکاری پێشکەش دەکەم."
 

نانەواخانەی باب ئەلئاغا، بەغدا، عێراق، ٧ی ئازاری ٢٠٢٤.  © 2024 Meethak Al-Khatib/Human Rights Watch

بەهۆى دابین نەکردنى کۆتاکان، ماناى وایە کە سەدان هەزار عێراقى خاوەن پێداویستى تایبەت، هاوشێوەى شەمۆ، ڕووبەڕووى بێکارى دەبنەوە.

پیادەکردنى کۆتای دامەزراندن

دەستوورى عێراق ماف و ئەرکى یەکسان دەدات بە هەموو هووڵاتیان، و گرەنتى ئازادبوونى هەموو ئەو کەسانە دەکات کە خاوەن پێداویستى تایبەتن لە هەر جۆرێک لە جیاکارى، دەرفەتى گەشەپێدانى تواناکان و ئاوێتەبوون بە گەشەپێدانى کۆمەڵگایان پێدەبەخشێت.

ماددەى 27ى پەیماننامەى مافى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، کە لە ساڵى 2013 عێراقیش پەسندى کردووە، دەوڵەتەکان پابەند دەکات بۆ دانپێدانان بە مافى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بۆ کارکردن لەسەر بنەماى یەکسانى لەگەڵ ئەوانى دیکەدا، هەروەها دەرفەتى بەدیهێنانى سەرچاوەى ژیان لەڕێگەى کارکردنى ئازادانە بە خواستى خۆیان یان قبووڵ کردنیان لە بازاڕى کاردا و ژینگەى کار و بازاڕ کراوەبێت، گشتگیر و دەرفەتیان هەبێت. بۆ بەدیهێنانى ئەوە، دەبێت حکومەتەکان هەنگاوى پێویست بگرنەبەر بۆ دامەزراندنى ئەو کەسانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن لە کەرتى گشتییى و هاندانى دامەزرێنەران لە کەرتى تایبەتدا. ئەمەش دەکرێت پڕۆگرامیى کردەیى ئەرێنیى لەخۆى بگرێت، هاندانى دارایى، هەروەها دەستپێشخەرى جیاواز بۆ دابینکردنى دەرفەتى کارى گونجاو بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.

کۆتاى دامەزراندن دەکرێت وەکو شێوازێک لە کردەى ئەرێنى دابنرێت بۆ پشتیوانیى یەکسانى دەرفەتى کار بۆ ئەو کەسانەى کە خاوەن پێداویستى تایبەتن و مافى کارکردنیان پێبدرێت. بەڵام، خودى کۆتاکان هەندێجار گونجاونین بۆ هەڵوەشاندنەوەو چارەسەرکردنى ئەو ڕێگریانەى ڕووبەڕووى ئەو کەسانە دەبێتەوە کە خاوەن پێداویستى تایبەتن و دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ پیادەکردنى یاساکانى دیکەى ڕووبەڕوو بوونەوەى جیاکارى و بەدیهێنانى یەکسانى، بۆ دوورکەوتنەوە لە جیاکارى و دوورخستنەوەى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە شوێنى کار.

پێشنیازەکان

بۆ دەستەى کەسانى کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەت

  • بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، میکانیزمێکى چاودێرى و هەڵسەنگاندن دابمەزرێندرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخى کار و مووچەى کارمەندانى خاوەن پێداویستى تایبەت یەکسانە بە کارمەندانى دیکە.
  • دامەزراندنى میکانیزمێکى چاودێرى و ئاگادارکردنەوەى وەزارەتەکانى حکومەت بەشێوەى خولیى لەبارەى ئاستى بەدیهێنانى کۆتاى دامەزراندن.
  • پیادەکردنى سزادانى دارایى دژى هەر کۆمپانیایەکى تایبەت کە کۆتاى دامەزراندنى ڕێژەى لەسەدا 3 بەدیناهێنێت.
  • ئەو کۆمپانیایانەى پابەندیى خۆیان بەدیهێناوە لە دامەزراندنى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، لە وەرگرتنى تەندەرەکاندا بەگرنگییەوە لەبەرچاو بگیرێن.

بۆ وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى

  • دابینکردنى هاوکارى تەکنیکی و پشتیوانیى بۆ دامەزرێنەران بەمەبەستى جێگیرکردن و دابینکردنى پێداویستییەکان بۆ کارمەندانى خاوەن پێداویستى تایبەت.
  • دلنیابوونەوە لە دابینکردنى شوێنى مانەوەى پێویست لە شوێنى کارکردنى کەرتى تایبەت و حکومیى، لەکاتێکدا گەر کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت پێویستیان بێت.
  • هەڵسەنگاندن بۆئەوەى کە ئایا ئەو هاوکارییە داراییەى دەدرێت بە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت گونجاوە بۆ پێداویستیەکانى خۆیان و پێداچوونەوە بۆ بەرزکردنەوەى بەپێى پێویست.
  • کۆکردنەوەى ئامار لەسەر ڕێژەى دامەزراندنى عێراقییەکانى خاوەن پێداویستى تایبەت.

بۆ وەزارەتى داد

  • ڕاهێنانى پێویست بۆ دادوەرەکانى عێراق لەسەر پیادەکردنى یاساکانى ڕووبەڕوو بوونەوەى جیاکارى لەسەر بنەماى خاوەن پێداویستى تایبەت.

بۆ وەزارەتى پلاندانان

  • بەشێوەیەکى بەردەوام کۆکردنەوى ئامار لەبارەى ژمارەى ئەو کەسانەى خاوەن پێداویستى تایبەتن لە عێراق، هەروەها ڕێژەى دامەزراندنیان.

بۆ وەزارەتى پەروەردە

  • زیادکردنى دەرفەتى خوێندنى گونجاو و ڕاهێنانى پیشەیى بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.

بۆ وەزارەتى بازرگانى

  • لەبەرچاوگرتنى پەیوەست کردنى دڵنیایى یان نوێکردنەوەى مۆڵەتى بازرگانى بە پابەندبوون بە ڕێژەى دامەزراندنى کۆتاى لەسەدا 3، هەروەها سزاى دارایى ئەو کۆمپانیایانەى کە پابەند نابن بەو کۆتایەوە. 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country