Skip to main content

عێراق: سنووردارشکردنەوەى نایاسایى سورییەکان

دەرفەتی سنووردار بۆ تەحەدای فەرمانەکانی دیپۆرتکردنەوە

فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لە هەولێر، عێراق، 17ى ئازارى 2020.  © 2020 ئازاد لەشکرى/ڕۆیتەرز

(بەیروت) – هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانى بەغدا و هەولێر بە هەڕەمەکى پەنابەرانى سوری دەستگیردەکەن و سنووردارشیان دەکەنەوە بۆ دیمەشق و بەشەکانى باکوورى سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵى هێزە سەربازییەکانى کورددان. دەسەڵاتدارانى عێراق هەندێک لەو سورییانەیان سنوورداشکردووەتەوە سەرەڕاى بوونى دۆکیومێنتى پێویستى فەرمیى عیراقی کە مافى مانەوە و کارکردنیان پێدەدات یاخود وەکو پەناخواز تۆمارکراون لە نوسینگەى کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان.

عێراق میواندارى نزیکەى 280,000 سورى دەکات، کە زۆرینەیان لە هەرێمى کوردستانى عێراقدان. لەکاتێکدا لە 2018ەوە ناوچەکانى وسوریا بەشێوەیەکى چالاک جەنگ و پێکدادانیان تێدانییە، بەڵام هێشتا سوریا ناوچەیەکى گونجاو نییە بۆ گەڕانەوەىەکی سەلامەت و شەرەفمەندانەی پەنابەران. سنوورداشکردنەوەی داواکارانی مافی پەنابەرێتی پێشێلکردنى پابەندییەکانى عێراقە وەکو بەشێک لە پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئەشکەنجەدان و لەژێر بنەماى نەریتى ڕێساى نێودەوڵەتى بەزۆر سنوورداش نەکردنەوە – کە نابێت خەڵکى بۆ ئەو وڵاتانە بنێردرێنەوە کە ڕووبەڕووى مەترسى ئاشکراى ئەشکەنجەدان یان هەر سزاو لێپێچینەوەیەک دەبن.

سارە سەنبار، توێژەرى عێراق لە هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند: "دەبێت عێراق بەشێوەیەکى خێرا کۆتایى بهێنێت بە کەمپەینى نیگەرانکەرى دەستگیرکردنى هەڕەمەکیانە و سنوورداشکردنەوەى ئەو سورییانەى کە لەپێناوى سەلامەتى ژیانیاندا ڕایانکردووە بۆ عێراق." هەروەها دەڵێت: "بەزۆر گێڕانەوەى داواکارانی مافی پەنابەرێتی بۆ سوریا، عێراق دەزانێت ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە."

لە ئابى 2023دا، ئەنجومەنى دادوەریى باڵاى عێراق سنوورداشکردنەوەى پەنابەرە سورییەکانى لە عێراقەوە قەدەغەکرد. بەڵام، لە 18ى ئازارى 2024، دەسەڵاتدارانى عێراق کەمپینێکیان دەستپێکرد بۆ بەئامانجگرتنى ئەو بیانییانەى کە یاساکانى نیشتەجێبوون پێشێل دەکەن، بەوهۆیەوە دەستیانکرد بە دەستگیرکردن و سنوورداشکردنەوەى زۆرێک لە سورییەکان لەدواى ئەوەى بەسەر ماڵ و شوێنى کارەکانیاندادان. هەروەها لە 3ى نیسانی 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان ڤیزاى سورییەکانى ڕاگرت، کە دەگوترێت لەسەر داواى حکومەتى فیدراڵى بەغداد بووە وەکو بەشێک لە هەوڵە فراوانەکانى ڕێکخستنى کرێکارى بیانیى.

لەنێوان 19 بۆ 26ى نیسان، هیومان ڕایتس وۆچ لەڕێگەى تەلەفۆن و ڕووبەڕوو قسەى لەگەڵ حەوت سوری کردووە لە هەولێر و بەغدا، کە چواریان لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بوون و چاوەڕێى سنوورداشکردنەوەیان دەکرد. چواریان مافى نیشتەجێبوونى ڕاستەقینەى عێراقییان هەبوون سێی دیکەش لە کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرابوون. هەندێکیان بەمەبەستى پاراستنیان ناوەکانیان ئاشکرانەکراون.

چەندجارێک هیومان ڕایتس وۆچ پەیوەندیکرد بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق بۆ وەرگرتنى بۆچوونى ئەوان، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

ئەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە وتوویانە کە لەکاتی بەسەردادانى هێزەکان بۆسەر شوێنى کارەکانیان یان لەسەر شەقامەکان دەستگیرکراون، هەروەها دووانیان ووتیان کە ئەوان لە نوسینگەى نشینگە دەستگیرکراون لەکاتێکدا ویستوویانە مافى مانەوەیان نوێ بکەنەوە. دەگوترێت کە دەسەڵاتداران مافى داواکاری پەنابەرێتییان لەبەرچاو ناگرن، نە ئامادەشن دەرفەتى گونجاو و بەردەوامیان پێبدەن بۆ تانەدان لە بڕیارى سنوورداشکردنەوەیان.

سورییەکى تەمەن 43 ساڵى خەڵکى حەلەب لە خاڵێکى پشکنین لە شارى دیوانیەى باشوورى بەغدا دەستگیرکراوە. لەدواى 12 ڕۆژ لە دەستگیرکردنى، هێنراوەتە بەردەم دادوەر، و لەوێ بەڵگەنامەى پەناخوازى خۆى لەلاى کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان خستووەتەڕوو بەڵام هیچ سوودى نەبووە. سزاى دارایى دراوە و بڕیارى سنوورداشکردنەوەى دراوە بۆ سوریا. هەرچەندە تانەى لە بڕیارەکە داوە، بەڵام پارێزەرەکەى دەڵێت چانسى سەرکەوتنى زۆر کەمە.

سورییەکە بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند: "ژیانم لە مەترسیدایە لە سوریا." هەروەها دەڵێت: "ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ حەلەب، و نامەوێت بڕۆم بۆ باکوورى رۆژهەڵاتى سوریا." کوڕە 16 ساڵەکەى لە کەڕادەى بەغدا لە 14ى نیسانەوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی نشینگە دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا کوڕەکەى دیکەشى لە 19ى ئازارەوە لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیرکراوە بەبێ ئەوەى دادگایى بکرێت.

ئەو تەنها کەسێکە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردبێت و دەرفەتى پێدرابێت تانە بدات لە بڕیارى سنوورداشکردنەوەى. هیچ یەک لەو سورییانەى کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە بەرلە دەستگیرکردن یان لەپاشاندا دادگایى کراون، و هەموویان بەزوویى سنوورداشکراونەتەوە.

نەوال، کە ئافرەتێکى سوری تەمەن 40 ساڵییەو خەڵکى حەلەبە، کوڕێکى 18 ساڵانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، هێزى ئەمنیى کوردى، لەکاتێکدا لە نزیک ترافیک لایتێکدا لە هەولێر ئاوى فرۆشتووە. کاتێک نەوال چووەتە ناوەندى دەستبەسەرکردنەکە کە کوڕەکەى تێیدا دەستگیرکراوە، ئەویش دەستگیرکراوە سەرەڕاى ئەوەى کە مافى نیشتەجێبوونى یاسایى هەبووە. ئەو دەڵێت کە دەسەڵاتدارانى کورد پێیانوتووە کە دەبێت تکتێک بکڕن و بگەڕێنەوە بۆ سوریا و عێراق بەجێبهێڵن ئەگینا بەبەردەوامى دەستگیر دەکرێن.

ئاسایش نەوال و کوڕەکەى بە قۆڵبەستییەوە بردووە بۆ کۆنترۆڵى سنووریى فڕۆکەخانەى هەولێر، و لەوێدا چوار ڕۆژ ماونەتەوەو لە تێرمیناڵى دەرچوون گیریانخواردووە لە هەوڵى ئەوەدابوون پارەى پێویستیان دەستبکەوێت تاوەکو تکتێک ببڕن بۆ فڕین بەرەو دیمەشق. نەوال دەڵێت: "سوریا سەلامەت نییە، بەڵام هیچ شوێنێکى دیکە نییە کە ئێمە بتوانین بۆى بچین. هیچ وڵاتێکى دیکە ڕێگەمان پێنادات بۆى بچین." ڕاستەوخۆ دواى گەیشتنیان بە دیمەشق، نەوال و کوڕەکەى پارەیان داوە بە قاچاخچى بۆئەوەى بیانگەیەنێتە لوبنان.

کەمپینى دیپۆرتکردنەوە سورییەکانى خستووەتە ترسەوە. لەماوەى ڕەمەزاندا، پیاوێکى 23 ساڵە وەکو هەر ڕۆژێکى دیکە کاتژمێر 5ى سەرلەبەیانى لەخەو هەستاوەو لە ماڵەکەى خۆى لە بەغدا دەرچووە بۆکارکردن. ئەو دەڵێت: "من ئۆتۆمبێلێکى پۆلیسم لەسەر شەقامى شوێنى کارەکەم بینى. ڕامکردەوە بۆ ماڵەوەو بۆماوەى دوو ڕۆژ لەماڵەوە مامەوە چونکە زۆر ترسام دەستگیر بکرێم."

ئەو دەڵێت کە نیگەرانە لەوەى تەنها بوونى بەڵگەنامەى پەناخوازى لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانەوە بەس نەبێت بۆئەوەى پارێزراوبێت لە سنوورداشکردنەوەى بۆ دەرعا لە باشوورى سوریا.

پیاوێکى 25 ساڵەى خەڵکى سوێیدا دەڵێت: "لەو کاتەوەى حکومەتى عێراقی دەرکردنى هەموو کرێکارانى نایاسایى ڕاگەیاندووە، هەموو ڕۆژێک یان بەلایەنى کەمەوە هەفتەى سێ ڕۆژ، پۆلیس دێتە شوێنى کارەکەم و بۆمن دەگەڕێت." هەروەها دەڵێت: "خاوەنکار و ستافەکانى دیکە ئاگادارم دەکەنەوە، و منیش ڕادەکەم و خۆم دەشارمەوە، لەکاتێکدا کارمەندێکى دیکە شوێنى من پڕ دەکاتەوە. ئەوان بەردەوام پرسیار لە کارمەندەکان دەکەن کە ئایا سوریى لەو شوێنەدا کاردەکات."

ئەو دەڵێت: "بارودۆخەکە لە سوێیدا سەقامگیر نییە." هەروەها دەڵێت: "گروپى جیاوازى میلیشیاى لێیە. کاتێک دەزانن کەسێک گەڕاوەتەوە بۆ شارەکە، ئەوان دەیفڕێنن تاوەکو سەرانەى لێوەربگرن." لە 12ی مایس ماڵپەڕی بەلەدی نیوز ڕایگەیاند کە حکومەتی عیراق 47 گیراوی سووری خەڵکی سوەیدای ئازادکردووە بەبێ ئەوەی سنوورداشیان بکاتەوە.

لە تەموزى 2023دا، حکومەتى بەغدا سێ کوردى سوریى دەستگیرکردن و سنوورداشى کردنەوە بەهۆى پێشێلکردنى یاساکانى نشینگە. لەوکاتەدا، ماڵپەرى (عەرەبى نوێ) بڵاویکردەوە کە 30 پەنابەرى دیکەى سوری لە بەغدا بەهەمان هۆکارى شکاندنى یاساکانى نشینگە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووى ئەگەرى سنوورداشکردنەوە بوونەتەوە.

پەنابەرانى سوریا لە ئوردن، لوبنان، قوبرس، و تورکیا بەشێوەیەکى بەردەوام ڕووبەڕووى هەڕەشەى سنوورداشکردنەوەى نایاسایى دەبنەوە.

هیومان ڕایتس وۆچ ژمارەیەک نمونەى تۆمارکردووە کە دەزگا ئەمنییەکانى سوریا بەشێوەیەکى هەڕەمەکى ئەو پەنابەرانەیان دەستگیرکردووە، ئەشکەنجەداوە، یان کوشتوویانن کە لەنێوان ساڵانى 2017 بۆ 2021 گەڕاونەتەوە. لەم دواییانەدا لە تەموزى 2023، هیومان ڕایتس وۆچ ئەوەى بۆدەرکەوت کە گەڕاوەکان لە زیندانیى هەواڵگریى سوپاى سوریادا ئەشکەنجەدراون و زۆریان لێکراوە بۆ خزمەتکردن لە هێزى یەدەکى سوپاى سوریا. ڕێکخراوەکانى دیکەى مافەکانى مرۆڤ، کۆمسیۆنى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسینەوە لە سوریا، و کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوریا ناسەلامەتە بۆ گەڕانەوە. لە ئازارى 2024، کۆمسیۆنی پرسینەوە ڕایگەیاند کە سوریا "شەپۆلێکى نوێ لە توندوتیژى" بەخۆیەوە دەبینێت کە لە 2020ەوە بەدى نەکراوە.

دەبێت حکومەتى عێراق دەستبەجێ دەستهەڵگرێت لە کەمپینى دەستگیرکردنى هەڕەمەکیانە، زیندانیکردن، و سنوورداشکردنەوەى داواکارانی مافی پەنابەرێتی سوری. دەبێت دەسەڵاتدارانى عێراق سیستمێکى گونجاو دامەزرێنن بۆ بڕیاردان لەسەر پێگەى پەنابەریى بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها پێویستە عیراق جێبەجێکردنی ڕێکارەکان لەبەرچاو بگرێت بۆ هاریکارى لە بەدەستهێنانی کار و دابینکردنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەى لەدۆخێکى نائاساییدان. ئەمەش دەبێت لەڕێگەى بەردەوامیى هەماهەنگییەوە بێت لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنى گونجاوى مافى پەنابەران.

هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، دەبێت حکومەتە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرى خۆیان بەکاربهێنن بۆ داکۆکى دژ بە سنوورداشکردنەوەى نایاسایى و گێرانەوەى زۆرەملێ، کە ئەوەش بە پێشێلکردنى پابەندبوونیان دادەنرێت بە نەگێڕانەوەى بەزۆر.

عێراق واژووى لەسەر پەیماننامەى 1951ى پەنابەرى و پرۆتۆکۆڵى 1967ى تەواوکارى پەیماننامەکە نەکردووە. یاساى پەنابەرى سیاسیى ژمارە 51ى ساڵى 1971 داندەنێت بە پەنابەرى سیاسى و "سەربازیى"، بەڵام چیدیکە مافى پەنابەرى یان پەناخوازى نادات بەو  سورییانەی لە دوای 2011ەوە هاتوون. کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران پەنابەران لە عیراقی فیدراڵ تۆمار دەکات و بڕوانامەی داواکاری مافی پەنابەرێتییان پێدەدات، کە دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان لە لیژنەی هەمیشەیی پەنابەران سەربە وەزارەتی ناوخۆ کە ئەوان پۆلێنکراون وەکو "کەسانى ئاوارە لەناوچە سنوورییەکانى سوریا و بەهۆکارى مرۆیی وەرگیراون،" هەروەها ناسنامەی کەسی بۆ پەناخوازان دەردەکات بەمەش یاسای نشینگەی دەرەکی نایانگرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان سورییەکان وەکو پەناخواز دەناسێنێت، بەمەش مافیان هەیە مۆڵەتی نیشیەجێبوونی مرۆیی وەربگرن دوای ئەوەی لە کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران خۆیان تۆمار دەکەن.

سەنبار دەڵێت: "حکومەتى عێراق پابەندە بەدڵنیابوون لەوەى مافى پەناخوازە سورییەکان پارێزراوە بەپێى یاساى نێودەوڵەتى پەنابەریى و بڕیارەکەى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى." سەنبار دەشڵێت: "بەداخەوە، دەسەڵاتدارانى عێراق بەپێچەوانەوە کاردەکەن بە گێڕانەوەى پەناخوازان بۆ بارودۆخى ناجێگیر لە سوریا." 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.