Skip to main content

عێراق: هەڵدانەوەى ناوچەى گۆڕى بەکۆمەڵ بۆ بەدیهێنانى دادوەریى

کۆتاییهاتنى تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دروست دەکات لەبارەى دۆزینەوە و دەستنیشانکردنى قوربانییەکان

ئەندامانى تیمى پسپۆڕ بەشدارن لە هەڵدانەوەى گۆڕێکى بەکۆمەڵ کە پاشماوەى قوربانیانى تێدایە کە لەلایەن گروپى بەناو- دەوڵەتى ئیسلامیى (داعش) کوژراون و بەکۆمەڵ نێژارون لە ساڵى 2014دا، لە حومەیدات، عێراق، 13ى حوزەیران.  © 2021 ئیسماعیل عەدنان/ picture-alliance/ dpa/ AP Photo

(بەیروت) – ئەمڕۆ ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، تەرمى سەدان هەزار قوربانیى کە بەنایاسایى کوژراون لەسەرتاسەرى عێراق لە گۆڕى بەکۆمەڵدا نێژراون. ئەو گۆڕانە تەرمى قوربانیانى پێکدادانە یەک لەدواى یەکەکانن، لەناویشیاندا جینۆسایدى سەدام حسێن لەدژى کوردەکان لە 1988و کوشتنى بەکۆمەڵ لەلایەن گروپى چەکدارى توندڕەوى دەوڵەتى ئیسلامیى (داعش) لەنێوان 2014 بۆ 2017.

(UNITAD) کە تیمى لێکۆڵینەوەیە کە لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان دروستکرا بۆئەوەى زنجیرەیەک تاوانى داعش لە عێراق تۆمار بکات، لەماوەى کارەکانیاندا پشتیوانیى لە بەڕێوەبەرایەتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڕێوەبەرایەتى پزیشکى-یاسایى حکومەتى عێراق کرد بۆ هەڵکەندنى 67 گۆڕى بەکۆمەڵى پەیوەست بە داعش. بەڵام لە کۆتاییەکانى2023، لەسەر داواى حکومەتى عێراق، ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ئەرکى (UNITAD) بۆ تەنها ساڵێکى دیکە، ئەوەش ماناى وایە کارەکانى لە ئەیلولى 2024دا دەوەستێت.

سارە سەنبار، لێکۆڵەرى عێراق لە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند: "گۆڕە بەکۆمەڵەکان یادخەرەوەیەکى ئازاربەخشن لە توندوتیژترین قۆناغەکانى مێژووى عێراق و هەڵدانەوەى ئەو گۆڕانە زۆر گرنگە بۆئەوەى دەرفەت بدرێت بە خێزانى قوربانییەکان – و دەوڵەتەکە – بۆئەوەى هیوایەکى دادوەرییان هەبێت و برینەکانیان ساڕێژ بکات." هەروەها دەڵێت "خەڵکى مافى خۆیانە کە بزانن چارەنووسى کەسە نزیکەکانیان چى لێهاتووە و بەشێوەیەکى گونجاو و بەکەرامەتەوە بیاننێژن." سەنتەرى ستراتیژى بۆ مافەکانى مرۆڤ لە عێراق قەبڵاندنى کردووە کە گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق تەرمى 400 هەزار کەسیان تێدایە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین کەسانى وونبووى هەیە لەجیهاندا، کە لەنێوان 250 هەزار بۆ 1 ملیۆن کەس قەبڵێندراوە، کە زۆرێک لەوانە بڕوا وایە کە لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا نێژرابن.

ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت: بۆ بەرەوپێشبردنى دادوەریى و بەرپرسیارێتى بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان، دەبێت حکومەتى عێراق هەوڵەکانى خۆى چڕبکاتەوە بۆ هەڵدانەوەى ئەو گۆڕانە، دەستنیشانکردنى قوربانییەکان، گێڕانەوەیان بۆ کەسوکارەکانیان بۆئەوەى بەشێوەیەکى گونجاو بیاننێژن و بەڵگەنامەى گیانلەدەستدانیان بۆبکەن، و قەرەبووى خێزانەکان بکرێتەوە، وەکو ئەوەى بەپێى یاسای عێراق دیاریکراوە.

زیا کەریم تەعمە، بەڕێوەبەرى گشتیى لە بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستنیان سەربە حکومەتى فیدراڵیى عیراق، بە هیومان ڕایتس وۆرچى ڕایگەیاند: لە ساڵى 2003ەوە دامەزراوە فەرمییەکان زیاتر لە 288 گۆڕى بەکۆمەڵیان هەڵداوەتەوە. تەعمە هەروەها دەڵێت: "تاوەکو تۆمارێکى نیشتمانیى یەکگرتوو نەبێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک نازانین کە چەند کەس لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا نێژراون."

لەنێوان 2017 و 2023دا، (UNITAD) یارمەتى دەسەڵاتدارانى عێراقیداوە بۆ هەڵدانەوەى 1237 گۆڕى بەکۆمەڵى قوربانیانى کۆمەڵکوژیى کامپى سپایکەر، کە لەلایەن داعشەوە 1700 سەرباز، خوێندکار و خۆبەخش کوژران و ئەوانەى کە ویستوویانە لە ئەکادیمیاى ئاسمانیى تکریت خۆیان دەرباز بکەن لەنێوان 12 بۆ 14ى حوزەیرانى 2014، کە لە 14 گۆڕدا بوون و دوو تاوانى نزیک ڕووبارەکان. ڕاپۆرتى مانگى حوزەیرانى 2024ى (UNITAD) بەڵگەى پێویستى خستووەتەڕوو کە بڕوابکەین بەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە بە ئامانجیى جینۆساید ئەنجامدراوە، ئەمەش دەچێتە قاڵبی تاوانەکان دژ بە مرۆڤایەتى و تاوانەکانى جەنگ نیشان دەدەن.

لەم دواییانەدا لە 28ى ئابى 2024، دەسەڵاتدارانى عێراق و (UNITAD) ڕایانگەیاند کە دەستیانکردووە بە هەڵدانەوەى گۆڕى بەکۆمەڵى چاڵى عەلۆ عەنتەر، کە گۆڕێکى بەکۆمەڵى ناوچەى تەلعفەرە. گۆڕەکە، نزیکەى 50 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاواى موسڵەوەیە، بڕوا وایە کە تەرمى زیاتر لە 1000 کەسى تێدابێت. لەنێوان ساڵانى 2014 و 2017دا، داعش ئەو چاڵەى بەکارهێناوە بۆ کۆمەڵکوژیى و تەرمى هەڵداوەتە ئەو ناوچەیەوە.

بەڵام لەکاتێکدا کە 17ى ئەیلول وەکو دوابەروار نزیک دەبێتەوەو بڕیاردەدرێت لەسەر کارەکانى (UNITAD) لە عێراق، نیگەرانیى هەیە لەبارەى ئەوەى کە ئەو بۆشاییەى ئەوان بەجێى دەهێڵن لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراقەوە بەباشى پڕناکرێتەوە.

"تەنها هیوایەکى ئێمە وەکو قوربانیان و ڕزگاربووان بریتییە لە (UNITAD)،" پیاوێک کە باوک، برا، و دوو مامی لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا لە باشوورى شنگال دۆزراوەتەوە بەوشێوەیە قسەى بۆ هیومان ڕایتس وۆچ کرد. هەروەها دەڵێت "زۆرێک لە شتەکان خراپتر دەبن کاتێک ئەوان ئێمە بەجێدەهێڵن. دڵنیانیم کە حکومەتى عێراق تواناى ئەوەى هەبێت کە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە بەهۆى جێهێشتنى (UNITAD)ەوە دروست دەبێت."

تەعمە دەڵێت "بەدڵنیاییەوە، بۆشاییەک دروست دەبێت کاتێک ئەوان [UNITAD]  ئێرە جێدەهێڵن." هەروەها دەڵێت "بەڵام حکومەتى عێراق بڕیاری خۆی داوە کە ماوەى کارکردنى تیمەکە کۆتایى هاتووە، و پێویستە ئێمە پلانێکى جێگرەوەمان هەبێت."

کەیسى بێشومارى کەڵەکەبوو لەگەڵ سنوورداریى تواناى حکومەتى عێراق، ئاماژەیەکە بۆ خێزانى قوربانییەکان، کە پڕۆسەکە بەشێوەیەکى ئازاربەخش هێواشە.

تەرمى باوکیى ئەو کەسە و، براکەى، و دوو مامی لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە لەلایەن شوانێکەوە لە سەباحیە، لە قەزاى شنگال، لە تشرینى یەکەمى 2017دا. دوو ساڵ دواتر، گۆڕەکانیان هەڵدرایەوە و ڕەوانەى بەغدا کران بۆ ناسینەوە. "ئەوە بۆ پێنج ساڵ دەچێت، تاوەکو ئێستا ئێمە هیچ هەواڵێکمان پێنەگەیشتووە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پزیشکیى-یاسایى." هەروەها دەڵێت "ناشزانین کە بۆچى وایە."

ئەو پیاوە دەڵێت ناتوانێت کە بەڵگەنامەى گیانلەدەستدان بۆ کەسوکارەکەى دەربکات تاوەکو تەرمەکانیان نەناسرێنەوە. بەبێ بەڵگەنامەى گیانلەدەستدان، خێزانەکەى ناتوانن داواى قەرەبوو بکەن بەوشێوەیەى دەدرێت بە قوربانیانى تیرۆریزم بەپێى یاساى ژمارە 20ى 2009.

تەعمە بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند، عێراق تەنها یەک تاقیگەى هەیە بۆ ئەنجامدانى پشکنین بۆ دەستنیشانکردن و دیاریکردنى (دى ئێن ئەى) تەرمى گۆڕە هەڵدراوەکان، کە ئەویش تاقیگەى (دى ئێن ئەى) سەربە بەڕێوەبەرایەتى پزیشکى-یاساییە.

لەدرێژەى ئامادەکارییەکان بۆ دەرچوون لە وڵاتەکە، (UNITAD) پشتیوانیى لە تاقیگەى (دى ئێن ئەى) بەڕێوەبەرایەتى پزیشکیى-یاسایى دەکات بۆئەوەى دانپێدانانى نێودەوڵەتى وەربگرێت لە ڕێکخراوى نێودەوڵەتى ستاندارد، ISO/IEC 17025. دانپێدانانەکە ماناى وادەبێت کە ئەو دەرنجامانەى لەلایەن تاقیگەکەى بەغداوە دەردەچن بڕواپێکراودەبن لەئاستى نێودەوڵەتیى، دەرفەتى ئەوە دەبێت کە دەرەنجامەکانى وەکو بەڵگە لە دادگاکانى جیهاندا قبووڵ بکرێن.

خەبات عەبدوڵا، کە ڕاوێژکارە لە وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتى لێکۆڵینەوەى تاوانى سەربە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان تاقیگەیەکى هەیە بۆ دەستنیشانکردنى (دى ئێن ئەى) کە ڕۆژانە تواناى 5 بۆ 7 کەیسى هەیە. بەڵام بەپێى یاسای پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان (ژمارە 5ى ساڵى 2006)، تەنها تاقیگەکەى بەغدا ڕێگەپێدراوە بۆ شیکارى نمونەى (دى ئێن ئەى)ى گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

سەباح سەبرى، کە باوک و مامى لەلایەن داعشەوە لە 2014دا کوژراون و خراونەتە ناو گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە خانەسوور، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند: "من باوکم لەڕێى جلوبەرگەکەیەوە ناسییەوە. هەروەها دراوسێکەمان باوکى لەرێگەى دەرمانەکانى و کلیلى ماڵەکەیانەوە ناسیەوە کە لەسەر تەرمەکەى بوو."

دامەزراوە فەرمییەکانى کورد نمونەى (دى ئێن ئەى)یان لە سەباح و خەڵکانى دیکەى ئەو ناوچەیە وەرگرتووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەى ئەوانەى لەناو گۆڕەکەدا بوو. دواتر سەباح دڵنیابوونەوەى فەرمیى وەرگرتووە کە باوکى لەناو ئەوانەدا بووە کە لەناو گۆڕەکەدا دۆزراونەتەوە.

سەرەڕاى ئەوە، سەباح دەڵێت کە خێزانەکەى هێشتا تاوەکو مانگى تەموز، هیچ بەڵگەنامەیەکى گیانلەدەستدانیان وەرنەگرتووە بۆ باوکى. ئەو دەڵێت: "حکومەتى فیدراڵیى ڕەتیکردووەتەوە کە دان بنێت بە پشکنینى (دى ئێن ئەى) کە لەلایەن دەسەڵاتدارانى کوردەوە ئەنجامدراون، لەبەرئەوە ئەوان بەڵگەنامەى گیانلەدەستدانمان بۆ ناکەن. حکومەتى هەرێمى کوردستان بەئێمەى ڕاگەیاندووە کە بەڵگەنامەى گیانلەدەستدانیان بۆ دەردەکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانى فیدراڵیى بەئێمەیان وتووە کە ئەوان دان بەو بەڵگەنامەیەشدا نانێن."

بەبێ بەڵگەنامەى گیانلەدەستدان، خێزانەکە ناتوانێت داواى سوودمەندبوونى خانەنشینى و هیچ پشتیوانییەکى دیکەى حکومەت بکات. سەباح دەڵێت "من زیاتر لە 3000 دۆلارم خەرج کردووە و حەوت ساڵە هەوڵدەدەم کە بەڵگەنامەى گیانلەدەستدانى بۆ وەربگرم."

بۆ خێزانى قوربانیانى گۆڕە بەکۆمەڵەکان، گیروگرفتى مەوداى هەڵدانەوەى گۆڕەکان و ڕۆتینیات ڕێگرن لەوەى کە برینەکانیان ساڕێژ ببێت. شیرین خەیرۆ، کە باوکى لەلایەن داعشەوە کوژراوە و لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا لە حەردان لە قەزاى شنگال دۆزراوەتەوە، دەڵێت: "تەرمى باوکم لەم دواییانەدا دەستنیشان کرا." ئەو دەڵێت: "بەڵام ئێمە تەنها نیوەى ئێسکە پەیکەرى ئەومان وەرگرت بۆئەوەى بینێژین. نازانم چۆن باس لەوە بکەم کە دەروونمان چەندە تووشى خەم و ئازاربوو بەهۆى ئەو پڕۆسەیەوە."

ڕێبوار ڕەمەزان کە تەمەنى تەنها یەک ساڵ بووە کاتێک باوک، باپیرە، شەش مام، و 105 پیاو لە خێزانەکەى براون، کوژراون و تەرمەکانیان خراوەتە گۆڕێکى بەکۆمەڵى نادیار لە باشوورى عێراق. ئەندامانى خێزانەکەى ڕێبوار بەشێک بوون لەو 8000 پیاوەى کە لە دەڤەرى بارزان لەلایەن حکومەتى سەدام حسێنەوە لە 1983دا بوونە قوربانیى، ئەوەى کە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق بەبڕیارێک ڕایگەیاند کە جینۆساید و تاوان بووە لە دژی مرۆڤایەتیى.

لە 2019دا، ڕەمەزان چووە بۆ سەماوە، لە باشوورى عێراق، بۆئەوەى بەشداربێت لە هەڵدانەوەى گۆڕى بەکۆمەڵ کە لەو دواییانەدا لەو ناوچەیە دۆزراونەتەوە. ڕەمەزان دەڵێت: "دایکم پێى وتم کە باوکم تەنها تاکێک گۆرەوى لەپێدابووە کاتێک بردوویانە، منیش تەماشاى ئێسکى ئەو کەسانەم کرد کە دۆزرابوونەوەو ویستم بزانم کامیان تەنها یەک گۆرەوى لەپێدایە تا بتوانم بیدۆزمەوە."

عەبدوڵا بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا، نزیکەى 2500 کورد کە لەنێوان 1980 و 1988دا کوژراون گۆڕەکانیان دۆزراونەتەوەو گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە مافى زانینى ڕاستییەکان لەبارەى ڕەگیى توندوتیژییەکان دژ بە مافەکانى مرۆڤ، و بەدیهێنانى ئەوەى کە عێراق بەئەرکى خۆى هەڵسێت بۆ گرەنتی کردنى قەرەبووکردنەوەى تەواو، هەروەها ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى کاریگەر. بەڵگەى کۆکراوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەبێت و پێویستە بەکاربهێنرێت بۆ ڕێکارەکانى لێکۆڵینەوە لەتاوانەکان و دڵنیابوونەوە لەوەى کە ئەنجامدەرانى ڕووبەڕووى یاسا دەکرێنەوە.

پێویستە حکومەتى عێراق هەوڵەکانى خۆى زیاتر بکات بۆ هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق لەڕێگەى ڕێکارى بێلایەنانەى سەربەخۆ بۆ دەستنیشانکردنى قوربانیان و تۆمەتبارانى تاوانەکان. دەبێت حکومەت پشتیوانیى دارایى زیاتر بکات بۆ بەڕێوەبەرایەتیى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڕێوەبەرایەتى پزیشکى-یاسایى، بۆ زیاتر کردنى تواناى کۆکردنەوەى بەڵگە، لەناویشیاندا لەڕێگەى ئامارکردنى دیجیتاڵیى و ڕێکخستنەوەى دیمەنى چۆنیەتى تاوانەکان، دابینکردنى پێداویستیى بۆ تۆمارکردنى لایەنە بایۆلۆجییەکان، و پڕۆسەى دەستنیشانکردنى قوربانییەکان. دەبێت دەسەڵاتداران دڵنیابن لەوەى کە هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەشێوەیەکى بێلایەنانە ئەنجام بدرێن، بەبێ لەبەرچاوگرتنى ناسنامەى قوربانییان یان تۆمەتبارانى تاوانەکان.

سەنبار دەڵێت: "هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێویستى بە کارى جەسوورانە و بەردەوامیى دەسەڵاتدارانى عێراق هەیە، و ئەوەش ئەرکێکە کە پێویستە زۆر بەتەواوى ئەنجام بدرێت." هەروەها دەڵێت: "ساڕێژکردنى ئەو برینانەى ڕابردوو بەبێ ئەوە نایەتەدى."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country