(به‌یروت)—هیومان ڕایتس ۆوچ له راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، ته‌قه‌ی كوێرانه له‌كاتی شه‌ڕه‌كانی ١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ له شارۆچكه‌یه‌كی نزیك كەركوك له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزی جیاوازی حكومه‌تی عێراقی بووه‌ته هۆی كوشتنی پێنج هاووڵاتی و برینداربوونی ٥١ ی دیكه. پاشان لانی كه‌م و بۆماوه‌ی یه‌ك ڕۆژ هێزه عێراقیه‌كان كه كۆنترۆڵی شارۆچكه‌ی دوزخورماتوویان كردووه ڕێگه‌یانداوه به هاووڵاتیان ماڵ و موڵكی خه‌ڵكانی تر تاڵان بكه‌ن به‌رله گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن له‌وباره‌یه‌وه. ده‌بێت هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌نگاوێكی گوونجاو بنێن له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی و ڕێگریكردن له تاڵانی.
جۆو ستۆرك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''پێویسته له‌سه‌ر هێزه عێراقی و كوردیه‌كان هه‌ستن به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا به جۆرێك كه به‌ته‌واوی تێیدا ڕێز له مافه‌كانی مرۆڤ بگیرێ و ڕێگری بكرێ له ئازاردانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و ماڵ و موڵكیان.''
دوزخورماتوو شارۆچكه‌یه‌كی فره‌نه‌ته‌وه‌ییه و ده‌كه‌وێته ناوچه جێناكۆكه‌كانی ده‌وروبه‌ری كەركوك و به دووری ٦٥ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری شاره‌كه و نه‌ته‌وه‌كانی كورد‌و عه‌ره‌ب و توركمانی تێدا ده‌ژی. شایه‌نی باسه، ئه‌م شاره له ژێر ئیداره‌ی هاوبه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناووخۆی بووه‌و له سێ ساڵی ڕابردوودا ناوه ناوه شه‌ڕوپێكدادانی به‌خۆوه بینیووه. دووباره له ١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ شه‌ڕوپێكدادان له‌م شارۆچكه‌یه ڕوویدایه‌وه له كاتێكدا هێزه عێراقیه‌كان هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی شاری كەركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی تریاندا. به‌پێی ووته‌ی سێ كارمه‌ندی ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی توركمانی، شه‌ڕه‌كانی ڕۆژی ١٦ی تشرینی یه‌كه‌م بووه‌ته هۆی كووشتنی ٥ كه‌س و برینداربوونی ٥١ كه‌سی تر.
هیومان ڕایتس ۆوچ قسه‌ی له‌گه‌ڵ سێ پیاو كرد كه به‌هۆی ته‌قه‌كردنی كوێرانه له‌كاتی شه‌ڕه‌كاندا بریندار ببوون. ''حه‌مید'' ووتی ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٣.٤٥ خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی، خۆیی و براكه‌یی و دایكیان له ژووری میوانی ناو مهڵهكهیاندا دانیشتبوون له گه‌ڕه‌كێكی توركمان، كاتێك به ووته‌ی ئه‌و، له پڕێكدا گوێیان له دوو ته‌قه‌ی گه‌وره ده‌بێ و له هۆش خۆی ده‌چێ. ده‌وروبه‌ر ٤.٣٠ خولهك له نه‌خۆشخانه به‌خه‌به‌ر دێته‌وه كاتێك خوێن له‌سه‌رو به‌شی چه‌پی سنگیه‌وه دێته خواره‌وه.''
كاتێك حه‌مید ئه‌و شه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، له سه‌قفی ژووری میوانه‌كه‌یاندا دوو كوونی گه‌وره به‌دیده‌كات. ''نازانم بۆچی خانووه‌كه‌مان به‌ركه‌وتبوو،'' حه‌مید ووتی. ''له‌و نزیكه‌وه هیچ شه‌ڕێك نه‌بووه‌و ئه‌وه‌نده‌ی بزانم هیچ پێگه‌یه‌كی سه‌ربازیشی تێدا نه‌بووه.''
''نازم،'' توركمانێك كه له گه‌ڕه‌كێكی تری توركمانی ده‌ژی، ووتی كاتژمێر ٤ی سه‌رله‌به‌یانی له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یدا بوو كاتێك هاوه‌نێك له ته‌نیشتیدا دای به زه‌ویداو پارچه‌كانی به‌ر ده‌ست و قاچی كه‌وت. نازم ووتی له‌كاتی كه‌وتنه‌وه‌ی هاوهنهكه به دووری ٣٠٠ مه‌تر له دووری ماڵه‌كه‌یه‌وه شه‌ڕ هه‌بووه له نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شەعبی.
''عه‌مار'' توركمانێكی تره‌و له هه‌مان گه‌ڕه‌ك ده‌ژی و ماڵه‌كه‌ی ته‌نها ٥٠٠ مه‌تر دوور بووه له باره‌گاكانی ڕێكخراوی به‌در كه یه‌كێكه له گرووپه سه‌ره‌كیه‌كانی حەشدی شەعبی. عه‌مار ووتی، خۆیی و براكه‌ی كاتژمێر ٥.٣٠ سه‌رله‌به‌یانی به‌هۆی ته‌قه‌یه‌كی زۆره‌وه خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه. له‌كاتێكدا ده‌چنه ده‌ره‌وه، گوله هاوه‌نێك به دووری ٢ مه‌تر له ته‌نیشتیاندا ده‌یدا به زه‌ویدا. پارچه‌كانی قاچ و سه‌ری عه‌مارو هه‌ردوو قاچی براكه‌ی بریندار ده‌كات. ئه‌و ووتی، له ترسی شه‌ڕه ته‌قه هه‌تا كاتژمێر ١١ی سه‌رله‌به‌یانی له‌ناو ماڵه‌كه‌یاندا ماونه‌ته‌وه تا شه‌ڕ له ناوچه‌كه‌یان نه‌ماوه‌و دراوسێیه‌كیان به ئۆتۆمبێل ده‌یانبات بۆ نه‌خۆشخانه.
هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی ئه‌وه پشتڕاست بكاته‌وه ئایا قوربانیش هه‌بووه له نێو كورده‌كان و هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی تر له دوز. چوار دانیشتوی دوز ووتیان كه زۆرترینی شه‌ڕه‌كان له گه‌ڕه‌كه توركمانه‌كان بووه به‌هۆی مه‌وداو نزیكی باره‌گاكانی حه‌شدی شەعبی و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كتر. دوو كارمه‌ندی مرۆیی كه ڕێكخراوه‌كانیان له كامپی ئاواره‌كانی كەركوك كارده‌كه‌ن ووتیان، شه‌ڕوپێكدادانیش له نزیك كامپی له‌یلانی ٢ هه‌بووه كه به‌دووری ١٥ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی كەركوك و له ئه‌نجامدا ٢ ئاواره‌ی ناو كامپه‌كه كوژراون و بریندار بوون. هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له قوربانیانی ناوچه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌وروبه‌ری كەركوك بزانێ.
له‌به‌یانی ١٦ی تشرینی یه‌كه‌م، هه‌موو هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دانیشتوانه كورده‌كه له دوز خورماتوو هه‌ڵهاتن. دانیشتوویه‌ك ووتی له ده‌وروبه‌ری ٤.٣٠ی خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆ سه‌ردانی گه‌ڕه‌كێكی كوردی له باكووری گەڕەکی جمهوریه كردووه و بینیوویه‌تی كه لایەنی كه‌م ١٠ دووكانی كورد سووتابوون. هه‌روه‌ها بینیبووی كه دوو كوڕ خه‌ریكی تاڵانكردنی له‌وحی پلاستیكی بینایی بوون له دوكانێكی تری كوردی ئه‌و نزیكه. ئه‌و ووتی سێ ئه‌فسه‌ری به‌شی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرایی وه‌زاره‌تی ناوخۆیی عێراقی ٢٠ مه‌تر له دووری كوڕه‌كانه‌وه بوون و ته‌ماشای كوڕه‌كانیان ده‌كرد كه تاڵانیان ده‌كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیان پێبڵێن. ڕێبوارێك كه له‌وێوه ده‌ڕوات پێی ده‌ڵێ، ئه‌و كوڕانه تۆڵه‌ی تاڵانكردن و سووتانی ماڵ و دوكانی توركمانه‌كان ده‌كه‌نه‌وه كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و چه‌كداره مه‌ده‌نیه كورده‌كان له ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ئه‌نجامدرا.
ئه‌و دانیشتووه ووتی كه بینیوویه‌تی پیاوێك له ئاراسته‌ی دوكانه‌كانه‌وه هاتووه به ئۆتۆمبێلێكه‌وه كه پڕ بووه له ته‌له‌فیزیۆن و كۆمپیتهرو ئامێری ئه‌لیكترۆنی تر. سێ ئه‌فسه‌ره‌كه ڕێگه‌ی تێپه‌ڕین به پیاوه‌كه ده‌ده‌ن به‌بێ لێكۆڵینه‌وه لێی. ئه‌و كه‌سه ووتیشی، هاووڵاتیه‌كی تری ئه‌و ناوچه‌یه پێی ووتووه كه له ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆدا گرووپێكی مه‌ده‌نی ١٠ چه‌كداری له هه‌مان گه‌ڕه‌كدا بینیووه كه خه‌ریكی تاڵانكردنی ماڵه‌كان بوون جگه له‌و ماڵانه‌ی كه نووسراوی ''توركمانی شیعه‌یان'' له‌سه‌ر بووه.
له به‌یاننامه‌ی ڕێكه‌وتی ١٩ی تشرینی یه‌كه‌می ڕێكخراوی یۆنامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا هاتبوو كه ئه‌و ڕێكخراوه تۆمه‌تی سووتانی نزیكه‌ی ١٥٠ ماڵ و ته‌قاندنه‌وه‌ی ١١ی ماڵی تری له دوز له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه له ڕێكه‌وتی ١٦ و ١٧ تشرینی یه‌كه‌م پێگه‌یشتووه. له كۆنفرانسێكی ١٧ی تشرینی یه‌كه‌مدا، سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی دانی به‌وه‌نا كه پێشێلكاری له دوز كراوه‌و ڕایگه‌یاند ''كه فه‌رمانی تووندی داوه به ده‌ستگیركردنی هه‌ر كه‌سێك كه مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی دروست ده‌كات و هێرش ده‌كاته سه‌ر هاووڵاتیان و ماڵ و حاڵیان.''
له كاژێره سه‌ره‌تاییه‌كانی سه‌رله‌به‌یانی ١٨ی تشرینی یه‌كه‌م، عه‌تاف نه‌جار لێپرسراوی ڕێكخراوی به‌در له دوز داوایه‌كی ئاراسته‌ی هه‌موو هاووڵاتیانی دوز كرد كه واز له تاڵانی بهێنن ئه‌مه‌ش له پاش گه‌مارۆدانی گه‌ڕه‌كێكی گه‌وره‌ی كورد له‌لایه‌ن پۆلیسی ناوخۆوه. ئه‌و هاووڵاتیه‌ی كه باسی له تاڵانی یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه كورده‌كانی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ كرد ووتی نه‌یتوانیوه بگه‌ڕێته‌وه گه‌ڕه‌كه‌كه بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه گوایه تاڵانیه‌كه وه‌ستابێ.
ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكه‌وانانی كورد وێنه‌ی به‌شی ناوه‌وه‌ی ماڵی سووتاویان نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچداو ووتیان كه ئه‌وانه هی كەركوكن. هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی هیچ شایه‌تحاڵێكی ماڵی سووتاو تاڵانكردن له كەركوك بدۆزێته‌وه. سێ ڕۆژنامه‌نووسی نێوده‌وڵه‌تی كه له ١٧ و ١٨ی تشرینی یه‌كه‌م سه‌ردانی كەركوكیان كردبوو به هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت هیچ نیشانه‌یه‌كی سووتان و تاڵانكردنیان له ناو كەركوكدا به‌دینه‌كردووه. یه‌كێكیان ووتی كه بینیوویه‌تی باره‌گایه‌كی هێزی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر ڕێگه‌ی هه‌ولێر ده‌سووتا، به‌ڵام ئه‌و نه‌یزانی كێ هه‌ستاوه به سووتانی ئه‌و باره‌گایه.
هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی هه‌ستن به لێكۆڵینه‌وه‌كردن له تۆمه‌ته‌كانی تاڵانكردن و وێرانكردنی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك بكه‌ن كه له پشت ئه‌و تاوانانه‌وه‌یه و ده‌بێت هێزه ئه‌منیه‌كان ڕێگری له ئه‌نجامدانی تاڵانی زیاتر بكه‌ن.
له ١٦ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه عێراقیه‌كان هه‌ستان به كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی تری ناوچه جێناكۆكه‌كان كه له ساڵی ٢٠٠٣وه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بووه. ئه‌و ناوچانه‌ش بریتین له زومارو ڕه‌بیعه‌و شنگال و حه‌سه‌ن شام و خازر‌و دبس و كەركوك و تازه خورماتوو جه‌له‌ولا و خانه‌قین و مه‌نده‌لی. هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پاش ڕووبهڕوبونهوهیهكی زۆر كه‌م له‌و ناوچانه كشانه‌وه. ده‌بێت به‌رپرسان دڵنیایی بده‌ن له سه‌لامه‌تی و ئاسایشی كه‌مینه‌كانی ئه‌و ناوچانه.
به‌پێی ئاماری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن هێزه عێراقیه‌كانه‌وه بووه‌ته هۆی ئاواره‌بوونی نزیكه‌ی ٦١،٢٠٠ كه‌س كه ماڵ و حاڵیان جێهێشتووه به‌ره‌و ناوچه ئارامه‌كان و نیشته‌جێبوون له‌گه‌ڵ خزم و كه‌س و كاریان. به‌ڵام، هه‌ندێكیان له چه‌ند ڕۆژی دواتردا گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان. هیومان ڕایتس ۆوچ هیچ ڕووداوێكی ده‌ركردن ئاواره‌بوونی زۆره‌ملێی به‌دینه‌كرد.
له ١٨ی تشرینی یه‌كه‌م، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی سوپای عێراق به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردهوهو ئیدانه‌ی ڕووماڵهكانی هه‌ردوو كه‌ناڵی كوردی ڕوداوو كوردستان ٢٤ی كرد‌و ووتی، ئه‌و دوو كه‌ناڵه به‌رده‌وامن له ''چاوبه‌ستكردنی ڕای گشتی و تاوانباركردنی هێزه ئه‌منیه‌كان به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌ك''. ئه‌و به‌یاننامه‌یه داوا له كۆمسیۆنی په‌یوه‌ندیه‌كان و میدیای عێراق ده‌كات چاودێری ئه‌و كه‌ناڵانه بكات و داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمار بكات له‌و كاتانه‌ی ڕووماڵه‌كانیان هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ''ئاشتی ناوخۆی''.
پێشتر هیومان ڕایتس ۆوچ نیگه‌رانی ده‌ربڕیبوو له سه‌ر كۆمیسیۆنی میدیا‌و ''ده‌سه‌ڵات'' و ڕێنماییه‌كانی كه به‌بێ بیانوو ئازادی میدیا سنووردار ده‌كات. ئه‌و ڕێنماییانه داوا ده‌كات میدیا خۆی به‌دووربگرێ له بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هێزو گرووپه چه‌كداره‌كان و له‌سه‌ریان پێویست ده‌كات ته‌نها ئه‌و ڕاپۆرتانه له‌سه‌ر هێزه‌كانی حكومه‌ت بڵاوبكه‌نه‌وه كه به‌دڵی ئه‌وانه. بڕگه‌ی ١ ڕێگری له میدیا ده‌كات له ڕووماڵكردن یان بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه ''به دژی هێزه ئه‌منیه‌كان ته‌فسیر ده‌كرێ'' و جه‌خت ده‌كاته‌وه كه ''ته‌ركیز بخه‌نه سه‌ر ده‌سكه‌وته ئه‌منیه‌كانی هێزه چه‌كداره‌كان به دووباره كردنه‌وه‌یان هه‌موو ڕۆژه‌كه.''
ستۆرك ووتی، ''هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و میدیایانه‌ی كه به دڵی به‌غدا كارناكه‌ن له متمانه‌ی هه‌مان ئه‌و به‌رپرسانه كه‌م ده‌كاته‌وه كه به عێراقیه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وان پارێزگاری له مافه‌كانی هه‌موویان ده‌كه‌ن به یه‌كسانی.''